سەبیحە شێخ جەلال-خیزانی عەلی عەسکەری بەشی یەکەم

  • 7 years ago


سەبیحە شێخ جەلال هاوسەری عەلی عەسکەری

بەرنامەی ئەمجارەی پەنجەمۆر میوانداری سەبیحە شێخ جەلال، خێزانی عەلی عەسکەری کردووە. سەبیحە خان لە ساڵی ١٩٤٤ لە سەرگەڵو لە بنەماڵەیەکی شێخزادە لەدایکبووە. لە ساڵی ١٩٥٩ لەگەڵ عەلی عەسکەری هاوسەرگیری دەکات و ماوەیەکی کورت لە کەرکووک دەژی. ئەگەرچی بواری ئەوەی بۆ نارەخسێت بچێتە بەر خوێندن، بەڵام خۆی فێری خوێندن و نووسین دەکات.

سەبیحە بە بەردەوامی لەگەڵ مێردەکەی لەگەڕاندا دەبێت. عەلی عەسکەری لە سەرەتایی لاوێتییەوە تێەکەڵاوی سیاسەت دەبێت و ئەندامێکی چالاکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەبێت. لە ساڵی ١٩٦٠ دەکرێتە بەرپرەسی پارتی لە موسڵ و کەسێکی بڕواپێکراوی مەلا مستەفا بارزانی سەرۆکی شۆرش دەبێت. لە دوای جیابوونەوەی باڵێ جەلالییەکان لەسەر داوای مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد و هاورێکانی شوێن ئەو باڵە دەکەوێت و دەچێتە هەمەدان لەگەڵیان. دواتر لە ساڵی ١٩٧٤ دەچێتەوە شاخ و بەشداری لە شۆرشدا دەکات.

سەبیحە شێخ جەلال لە ساڵی ١٩٧٦ جارێکی دیکە لەگەڵ مێڕدەکەی و منداڵەکانی دەچنەوە شاخ و پاشان دەچێتە سوریا و لە ساڵی ١٩٧٩ دەگەرێتەوە عێراق و پاشان کوردستان و لە سلێمانی نیشتەجێ دەبێت.

لەم بەرنامەیەدا سەبیحە خان، چەندین لاپەڕەی ژیانی خۆی و عەلی عەسکەری هەڵدەداتەوە.

سەبیحەخان لەوەڵامی پرسیارێکدا دەڵێت:"ئەوکاتە وێنەیەکی مستەفا بارزانی، وەکو چەندین مەدالیایی بەنرخ وابوو، خەڵک دەیانکرد بە سنگیانەوە".

هەروەها لەسەر جیابوونەوەی باڵی جەلالییەکان، کە بۆچی عەلی عەسکەری شوێن ئەوان کەوت و لەگەڵ باڵی بارزانیدا نەمایەوە، دەڵێت: "برایم ئەحمەد و مام جەلال پێیانگوت: عەلی گیان ئەگەر تۆمان لەگەڵ نەبێت دەفەوتێین."

هەروەها دەڵێت، کاتێک باڵی جەلالییەکان دەگەڕێنەوە بۆ ناو حکومەتی عێراقی، عەلی عەسکەری زۆرجار ئاواتەخوازبوو لە شاخ گوللەیەکی حکومەتی بەرکەوتایە، نەک لە شەڕی کورد و کورددا بەشداری بکات.
پەنجە مۆر
مێژووی کوردستان زۆر لاپەڕەی هەڵنەدراوەی تێدایە. لەبارەی زۆر رووداوی گرنگ لەو مێژووەدا گێڕانەوەی جۆراوجۆر هەن. زۆر پرسیار هەن کە هەر پرسیار ماونەتەوە و وەڵامیان نەدراوەتەوە. زۆر کەسایەتیش هەن کە رۆڵی مەزنیان گێڕاوە لە مێژووی کوردستاندا و خەریکن چیرۆکی ئەو رووداوانەی خۆیان تێیدا بەشداربوون لەگەڵ خۆیاندا دەبەنە ژێر خاک. بەرنامەی پەنجەمۆر دەیەوێ ئەو مێژووە دۆکیۆمێنت بکات. ئەویش لەڕێگەی زنجیرە هەڤپەیڤینی ٤٨ خولەکی لەگەڵ هەریەکە لە کەسایەتییەکان.

Recommended